کۆمیتەی گشتیی سوید کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی ڕێکخراوەیی پێک هێنا

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، لە شاری لینشۆپینگ کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆبوونه‌وه‌یەکی تایبەت بە ڕێکخستن و پرس و بابەتی گرێدراو بە کاری ڕێکخراوەیی لە حیزبی دێموکراتدا، بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سوید پێک هێنا.

سەرەتای  کۆبونەوەکە به سروودی  نەتەوایەتی ئه‌ی ڕه‌قیب  و ده‌قه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌‌هیدان ده‌ستی پێکرد و دواتر  ڕیزبەندی کاری کۆبوونه‌وه‌کە له‌لایه‌ن  بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە “ئاواره‌ جەلالی” خوێندرایەوە.

بە دوای ئەوە دا “ئه‌بووبه‌کر ڕه‌حمانی” به‌رپرسی کۆمیته‌ی گشتیی حیزب و “سەلاح مامەش” بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە وڵاتی سوید وتاریان پێشکەش کرد. 

 ئه‌بوبه‌کر ڕه‌حمانی وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران ئاماژه‌ی به زیندوومانەوەی ڕێبازی دێموکرات و گەشەی بەردەوامی کرد و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ فیداکاری و لەخۆبووردوویی شه‌هیدانی حیزبەکەمان و هاوکات بە بایەخەوە ڕێزی گرت لە هیمەت و ئیرادەی بەرزی ڕێبوارانی ڕێبازی شه‌هیدان کە ئێستا لە چیاکانی کوردستانەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا و لە شەقامەکانی شار لە ڕۆژهەڵاتدا درێژە بە تێکۆشانی ڕێکخراوەییمان دەدەن‌.  بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوید چەند وتەیەکیشی لە پێوەندی بە کاری کۆمیتە و هەروەها چۆنیەتی کاری ڕێکخستنی و ڕێکخراوەیی حیزب و ئەرکی ئەندامانی حیزب پێشکەشی بەشداربووان کرد.

  “سه‌لاح مامه‌ش” بەرپرسی تەشکیلات سوپاسی یه‌کیەتی کوردان و کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کرد لە شاری لینشۆپینگ بۆ ئه‌وه‌ی  که هاوکار بوون له ڕێکخستنی کۆبوونه‌وه‌کە و بە گشتی ستایشی ڕۆل و چالاکی یه‌کیەتی کوردانی لە وڵاتی سوید کرد. پاشان هاتە سەر باسێکی کورت و پووختی کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنی حیزب لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و چەند باسێکی دیکەی پرسی نێوخۆیی ڕێکخراوەیی.

دواتردوکتۆر “ئیدرس ئه‌حمه‌دی” ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بابه‌تێکی پڕ نێوەڕۆکی سیاسیی-ڕێکخراوەیی پێشکه‌ش کرد. به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشی له کۆمیته‌کانی حیزبی دێموکرات لە  سوید کرد و هه‌روه‌ها ئومێدی خواست له وڵاته‌کانی دیکه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌کانی حیزب بە شێوەی ڕاستەوخۆ و دیداری، به‌ ڕێوه‌ بچێ.

ناوبراو باسێکی لەسەر مێژووی ڕێکخراوەکەمان کرد و هۆکاری پەرتەوازەیی و لێکترازانەکانی ڕێکخستنی حیزبی بە وردی شیکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە وێڕای چه‌ند جارێک ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسیی و ئاستەنگە نێوخۆییەکان بەخۆشییەوە هه‌موو کات توانراوه‌ به‌سه‌ر کێشه‌کاندا زاڵ بێت و ڕەوتی تێکۆشانی سیاسیی و ڕێکخراوەیی خۆی لە قۆناغە جیاواز و سەختەکانی خەباتدا بپێوێت. به‌هێزبوونی سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ و په‌یوه‌ندی زیاتری خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر به ڕیزه‌کانی حیزبی بە گەشەکردنی خه‌باتی حیزب پێناسە کرد.

سەبارەت بە باروودۆخی سیاسیی وڵاتانی ناوچە و جیهانیش ئاماژەی کرد بەوەی کە ترسی هه‌ندێ وڵاتانی که‌نداوی عه‌ڕه‌بی و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هێژموونی ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌کهدا‌. ئه‌وه‌ش خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ره‌و بێهیوایی ده‌بات بۆیە پێویسته‌ ناکۆکی و گله‌ییەکان به‌لاوه‌ بنێین و هه‌وڵی به‌هێزکردنی ڕیزه‌کانی حیزب بده‌ین.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا نۆرە درا بە ئەندامانی بەشداری کۆبوونەوە کە پرسیار و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان بخەنە ڕوو کە دواترلە لایەن بەرپرسی کۆمیتە و بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتەی سویدەوە وەڵام درانەوە و کۆبوونه‌وەکە‌ دوای نزیک بە چوار کاتژمێر بەردەوامیی، کۆتایی پێ هات.

شێری بکە:

بابەتی دواتر

کۆنفڕانسی كۆمیتە ناوچەی شێلەند (کۆپێنهاگ) لە دانمارک بەڕێوە چوو

2 شه‌م 5 9 , 2022
ڕۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، بە بەشداری ھەژمارێكی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە كۆمیتە ناوچەی شێلەند و ھەروەھا بەرپرس و ئەندامانی كۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی دانمارک و نۆێنەری دەزگای ھەڵبژاردن، لە شاری كۆپێنھاگی پایتەختی دانمارک، کۆنفڕانسی كۆمیتە ناوچەی ئەو ھەرێمە بەڕێوە چوو. سەرەتای كۆنفڕانسەكە بە سروودی نەتەوەیی […]

نوێترینەکان